بەڕێوەچوونی ڕۆژی ئاڵای کوردستان لە وڵاتی دانمارک بە بەشداری چالاکانەی کۆمەڵە

رۆژی ١٧ی دێسامبری ٢٠١٥ فێدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان لە وڵاتی دانمارک لە شاری ” بوغان بوێ ستغان” بۆ رێز گرتن لە رۆژی ئاڵای کوردستان بە بەشداری و بەڕێوەبەری نوێنەرایەتی لانی زۆری پارتە سیاسییەکان لە ھەموو بەشەکانی کوردستانەوە، رێوڕەسمێکی بەڕێوەبرد.

کومیتەی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە دانمارک کە پێکھاتبوون لە ھاوڕێیان عەلی وتەمیش و بەشیر محەممەدی لە بەشداربوان و ھەروەھا بەڕێوەبەرانی ئەو رێو رەسمە بوو. رێو رەسمەکە بە سرود و بێدەنگی راگرتن دەستی پێکرد و پەیامی حیزب و لایەنە سیاسییەکان خوێندرایەوە و لە کەشێکی نیشتمانپەروەرانەدا بەڕێوە چوو. جێگای ئاماژەیە ھاوڕێ عەلی وتەمیش وەکوو نوێنەری کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ لەو رێورەسمەدا پەیامی کۆمەڵەی پێشکەش بە بەشداربوان کرد.
12380247_999210570101354_558866809_n

دەقی پەیامی کۆمەڵە بۆ رێوڕەسمەکە:

پەیامی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بۆ رۆژی ئاڵای کوردستان لە رێورەسمی وڵاتی دانمارک

بەڕێزان، نوێنەری پارت و لایەنە سیاسییەکان، بەڕێوەبەرانی ئەم بۆنە بە شکۆیە و بەشداربوانی بەڕێز، منیش بەنۆبەی خۆم لەلایەن پێوەندییەکانی کومەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە دانمارک بەخێر ھاتنی ھەمووتان دەکەم و بە کورتی و بە لەبەرچاو گرتنی کات پەیامی کۆمەڵەتان پێڕادەگەیەنم.

بە مێژوویەکی دژواردا تێپەڕبوین. بەتایبەت سەد ساڵی پڕ لە نەھامەتمان تێپەڕاند. کوشتاری قارنێ و قەڵاتانمان بینی، کیمیابارانی سەردەشت و ھەڵەبجە و ئەنفالەکانمان بینی، ئەشکەنجە و ئێعدام و سوکایەتی و ھەزاران غەدر و بێمافیمان بینی و تەنیاترین گەلی سەرگۆی زەوی بووین کە بە بێ پشتیوان و بە تەنیا قوربانیمان دەدا بۆ ئازادی و بایەخە بەرزە ئینسانییەکان و لە ھەمانکاتیشدا دەنگمان نەدەگەیشتە گوێی دنیا. لە سنە لەوپەڕی بێ پشتیوان بووندا بەرگری و خۆڕاگریمان کرد، لە شاخ بە شاخ و شار بە شاری گشت کوردستاندا بۆ بایەخە بەرزەکانی مرۆڤایەتی و مافی نەتەوەییمان قوربانیماندا و ھەتا ئەمرۆکەش لە شەنگال و لە کۆبانی ئەو داستانانە دووپات دەکەینەوە.

ئەمرۆکە و ھەنووکە ئەو چیرۆکە تاڵە خەریکە ھەڵدەگەرێتەوە. پاش مێژویەکی خوێناوی ئەمرۆکە گەلی کورد لە بەرچاوی جیھانییان رووسورە و ناوی پێشمەرگە وەک نوێنەری ئازادیخوازیی کورد بە دنیادا دەگەڕێ و چیدیکە ئەو رۆژانە نەمان کە داگیرکەران و ناحەزان بە ئاسانی بتوانن ناو و ناوبانگمان بزر کەن. ئەمرۆکە رۆڵی کورد لە ناوچەکە و جیھاندا وەک سەنگەری بەھێزی دژی ھەڕەشە و مەترسییەکانی سەر ئاسایشی جیھانیی لە پێشەوەی ھەموو ناوەکانە. بۆیە زۆر پێویستە کە ھەرچی زیاتر سیمبولە بایەخدارەکانمان لە دەوری یەک کۆمانکاتەوە تا چیتر ئەو خاڵە لاوازەشمان نەمێنێ کە نایەکگرتویی بوو. لەمپێناوەدا ئاڵای پیرۆزی کوردستان یەکێک لە سەرەکیترین رەمزەکانی یەکگرتووییمانە و نوێنەری ئەو ھەمووە خەباتە خوێناوییەی رابردوو و شانازییەکانی ئەو کات و ئەم کاتمانە.

کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران وەک یەکمین لایەنی رۆژھەڵاتی کە ئاڵای کوردستانی لە کۆنگرەدا پەسەند کردووە، وێڕای ئەوەی کە لە سەر ئەو باوەرەیە کە ھەرکام لە پارچەکان بە پێی دۆخی خۆیان دەبێ سەربەخۆیی خەباتی سیاسییان ببێت و دەست تێوەردانی پارچەکان لە یەکتر بە قازانج نازانێ، ھاوکاتیش پێداگری لە سەر ھاوخەباتی و پشتیوانی تۆکمەی پارچەکان بە سیاسەتێکی زانستیانە دەکات و بە مێژوش ئەم بابەتەی لە رۆژە سەختەکانی پارچەکانی دیکەدا سەلماندووە و بانگەواز بۆ وەھا ھاوخەباتییەک دەکات لە ژێر ئاڵای پیرۆزی کوردستاندا. سەرناکەوێ ئەو بیرە تاریکەی تەنانەت چاوی بە جل و بەرگیشمان ھەڵنایەت. شکست ئاکامی نەیارانی کورد و داگیرکەرانی دەبێت لە ھەموو بەشەکان. بڕووخێ کۆماری ئیسلامی و ھەرشەکاوە بێ ئاڵای کوردستان.

کومیتەی کۆمەڵەی شۆرشَگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە وڵاتی دانمارک
17. 12 .٢٠١٥

12380395_1236358419711964_969652866_n


لێدوانێک بنووسە